قادر قاچاخ: پەكەكە و حەشدی شەعبی دەستێكی نا ئەمینن لە شنگال

image

قادر قاچاخ: پەكەكە و حەشدی شەعبی دەستێكی نا ئەمینن لە شنگال

دیمانە- سوبحان رەقیب
بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموكراتی كوردستان بە زاری كرمانجی گووت " شنگال لەلایەن حەشدی شەعبی و پەكەكە داگیر كراوە و رێگا نادەن دەستهەڵاتی یاسایی بگەرێتەوە سنوورەكە".
قادر قاچاخ، لەبارەی ڕەوشی شنگالەوە گووتی " بارودۆخی شەنگال شێواوە، لەبەر ئەوەی بۆشاییەكی بەڕێوەبەرایەتی و ئاسایشی هەیە، لەلایەن حەشدی شەعبی و پەكەكەوە داگیر كراوە و رێگا نادەن دەستهەڵاتی یاسایی بگەڕێتەوە، بێجگە لە پاتاڵكردن و گەندەڵی هیچ خزمەتێك پێشكەش بە خەڵكی شنگال ناكەن. هاووڵاتییانی شنگالیش بۆ چەند بەشێك دابەش بوونە و 15% ی ئێستا لە شنگالن و جگە لەوانەی روویان لە دەرەوە كردووە، بەشێكیشیان لە كەمپەكانن. لە كۆی ئەو هاووڵاتییانە 83%ی لەژێر دەستهەڵاتی پارتی دەژین و لایەنگرین. ژمارەیەكیشیان لە دەرەوە دەژین و تامەزرۆی رێبازی پارتی و بارزانین و خۆزگە بەوكاتە دەخوازن كە پارتی لەشنگال دەستهەڵاتدار بوو، چونكە كاتی پێش پارتی و دوای پارتییان تاقی كردۆتەوە".
لە درێژەی قسەكانیدا ناوبراو باسی لە گرنگی ناساندنی رۆژێك بۆ قوربانییەكانی یزیدی لەلایەن پەرلەمانی كوردستان كرد و گووتی" ئەم بریارەی پەرلەمانی كوردستان زۆر گرنگ بوو، ئەمەش هەر پرۆژەی پارتی و جەنابی سەرۆك بارزانی بوو كە رێكەوتی 3ی8 بە رۆژی جینۆسایدی یزیدییەكان دەستنیشانكرا و جێگای دڵخۆشی هەر كوردێكی خاوەن هەستی كوردایەتی بوو، بەم هەنگاوە نەك تەنها كوردانی یزیدی هەست بە پشتگیری و دڵنیایی دەكەن، بەڵكو گشت كوردێكی خاوەن قوربانی و هەستی نیشتمانپەروەری هەست بە دڵنیایی دەكەن و بە ئومێدیشن كابینەی تازەی حكومەت چاكسازی و گۆڕانكاری بەرچاو ئەنجام دەدات، گەندەڵی بن بڕ دەكات و هەلی كار بۆ گەنجان دەرەخسێنێت".
ئەم بەرپرسە بە دیاریكراوی لەبارەی پەكەكەو حكومڕانی هەرێمی كوردستان لەلایەن پارتی و سەركردە بارزانییەكان گووتی" پەكەكە چەكداری سەربە حەشدن و لەسنووری رۆژئاوا خەریكی بەتاڵانبردنن و كاری نەشیاو بەرامبەر كوردانی یزیدی دەكەن و زۆرداری و ستەم لەخەڵك دەكەن. رێگرن لە هاوكاریكردنی هاووڵاتییان لەلایەن رێكخراوە مرۆییەكان بەتایبەتی هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازی بارزانی كە دەیانەوێت هاوكاری خەڵكی لێقەوماوی شنگال بكەن. هەروەها دەبنە هاوكار و پۆلیسی حەشدی شەعبی بۆ داگیركردنی گوندەكانی شنگال لەلایەن كۆنە داعشەكانی عەرەب و ئێمە وەك لقی شنگالی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئێستادا هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵا پەكەكە و سەرانی پەكەكە نییە".
زیاتر گووتی " هەمیشە نەتەوەی كورد هیواو ئومێدیان بە هەر سەركردەیەكی ماڵی بارزان هەبووە، چونكە لە مێژوو نە هیچ پارت و نە هیچ كەسایەتی جگە لە پارتی و رابەرایەتی بنەماڵەی بارزان دەستكەوتێكیان بۆ نەتەوەی كورد بەدەست نەهێناوە. ماڵی بارزان هەوێنی یەكگرتنی نەتەوەی كوردە، بە مەرجەعییەتی جەنابی سەرۆك بارزانی و پۆستە تازەكانی بەرێزان كاك نێچیرڤان بارزانی و كاك مەسروور بارزانی ئەم دەستكەوتانە دەپارێزرێن و هی تازەتری دەخەنەسەر".
قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموكراتی كوردستان تیشكی خستەسەر كۆتا گووتاری سەرۆك بارزانی لە دەڤەری باڵەكایەتی و گووتی" گووتاری سەرۆك بارزانی لە باڵەكایەتی جێگای دڵخوشی خەڵكی كوردستان و كادیرانی پارتییە، ئومێدێكی پتەوتری خستە دڵی نەتەوەی كورد، چونكە شەڕبەشەڕ چارەسەر نابێ و جارێكی تر نابێ خوێنی كورد بە دەست كورد برژێت. هەمیشە سەرۆك بارزانی ئاشتی خواز بووە و نەك بۆ چارەسەری گرێ كوێرەكانی ناو لایەنە كوردییەكان، بەڵكو ناسراوە بە باشترین كەسایەتی بۆ سەقامگیری و چارەسەری كێشەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
لە كۆتایی قسەكانیدا و لە بارەی ئەگەری بەستنی كۆنگرە لە لایەن پارتییەوە گووتی" رەنگە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەم جارە، چارەنووسی بەستنی كۆنگرە یەكلا ببێتەوە چونكە كاتی بەسەردا تێپەریوەو پێویستە بكرێت".